مه‌لا شێخ خالیدی شاره‌زووری ناسراو به « مه‌ولانا خالید» كه نازناوی «ضیاءالدّین» و «ذی الجناحین» یش هه‌بووه،یه‌كێكه له كه‌ڵه پیاوانی كوردستان له گۆڕه‌پانی خوداناسی و زانیاری‌دا؛ خواناسێكی گه‌وره‌ی وا كه له گه‌ڵ ئه‌وته‌مه‌نه كورته‌ی دا گه‌یشته به‌رزترین پله‌ی ناوداری و خۆشه‌ویستی به جۆرێك كه كاتێ له هیندستان له خزمه‌تی « شا عبدالله دهلوی» گه‌ڕایه‌وه،هه‌زاران كه‌س له زانایانی ئایینی و گه‌وره پیاوان و خه‌ڵكی‌تر به‌ره‌و پیری ڕۆیشتن و بوون به موریدی و له سه‌رده‌می ژیانی‌دا، ناوبانگی زانایی و خواناسیی ئه‌و، بێجگه له كوردستان، له وڵاتانی ئێراق و ئێران و توركیا و سوریا و میسر و عه‌ره‌بوستان و ئه‌فغانستان و... ده‌نگی دایه‌وه و به هه‌زاران هه‌زار مورید و په‌یڕه‌وی بوو، وه هه‌ر له ژیانی خۆیدا،هه‌ندێك له زانایانی ئایینی و گه‌وره مامۆستایانی ئه‌و سه‌رده‌مه له عه‌رب و تورك و كورد كتێبیان سه‌باره‌ت به‌و نووسی(ژماره‌ی ئه‌م كتێبانه ده‌گات به نزیكه‌ی 20 كتێب) و له كۆچی دوایی‌یشیدا، به شیعر و نووسراوه‌ی به‌رز لاواندیانه‌وه؛ ئێسته‌یش جێگه‌ی خۆیه‌تی كه ئێمه‌یش به خویندنه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی ئه‌و گه‌ره پیاوه،ئاشنایی زۆرتری له گه‌ڵ په‌یدا كه‌ین:
ناوی خالید كوڕی ئه‌حمه‌دی كوڕی حوسه‌ینه و له‌تیره‌ی جافی مكایلی‌یه. دایكی ناوی فاتمه‌یه و له سه‌ییده‌كانی پیر خدری‌یه.
مكایلی تیره‌یه‌كن له جافی كۆچه‌ری له‌نه‌ته‌وه‌ی پیر مكائیل كه به شه‌ش ئه‌نگوس(شه‌ش په‌نجه) ناسراوه و له ساڵی 738 ی كۆچی‌دا هاتوه بۆ ناوچه‌ی «جوانڕۆ» و له دێی ده‌ودان نیشته‌جی بووه، هه‌ر له‌وێش كۆچی دوایی كردوه. ماوه‌یه‌ك دوای وه‌فاتی پیرمكائیل، نه‌وه‌كانی چوونه‌ته ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ و سه‌نگاو.
مه‌ولانا خالید له ساڵی 1193 ی كۆچی‌دا له شاری قه‌ره‌داغ له دایك بووه و به منداڵی هه‌ر له‌و شاره خوێندوویه. له ته‌مه‌نی لاوه‌تی‌دابه فه‌قێیه‌تی چووه بو سوله‌یمانی لای مامۆستا پایه‌به‌رزه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌رسی خوێندووه و له خزمه‌ت شێخ محه‌مه‌د قه‌سیمی سنه‌یی ئیجازه‌ی وه‌رگرتوه؛ له هه‌موو زانسته‌كانی ئه‌و زه‌مانه‌ی خوێندگا ئیسلامی‌یه‌كاندا زۆر به‌رز و هه‌ڵكه‌وتوو و خاوه‌ن پایه بووه. كاتێ سه‌یید عه‌بدولكه‌ریمی به‌رزنجی مامۆستای خۆی له ساڵی 1213 دا، كۆچی دوایی ده‌كا، مه‌ولانا به فه‌رمانی عه‌بدوڕه‌حمان پاشای بابان له جێی داده‌مه‌زرێ و ده‌ست ده‌كا به ده‌رس كوتنه‌وه و له هه‌موو لایه‌كه‌وه فه‌قێ دێنه خزمه‌تی و ناوبانگ ده‌ر ده‌كا. له‌و ماوه‌یه‌دا كه خه‌ریكی ته‌دریس بووه، گه‌لێ له دنیا و ئه‌هلی دونیا دوور بووه و هه‌میشه موشتاق بووه مورشدێكی ڕۆحی بدوزێته‌وه و عیلمی ته‌سه‌ووفی لێ وه‌ربگرێ تا له چاڵی دنیاخوازی‌یه‌وه به پایه‌ی به‌رزی مه‌عنه‌وی بگات.
حه‌زره‌تی مه‌ولانا له ساڵی 1220 دا له ڕێگای شامه‌وه ده‌چێ بۆ زیاره‌تی مه‌ككه و مه‌دینه. وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه پیاوچاكێك له‌و سه‌فه‌ره‌دا تێی ده‌گه‌یه‌نێ كه ده‌بێ بچێ بۆ هیندوستان تا به مورادی دڵی بگا.
ماوه‌یه‌ك دوای گه‌ڕانه‌وه له حه‌ج به‌رو هیندوستان وه ڕێ ده‌كه‌وێ، له ڕێگای تاران و خوراسانه‌وه دوای پتر له ساڵێك ده‌گاته دێهلی و « شاه عبدالله دهلوی » زیاره‌ت ده‌كا. له ماوه‌ی پێنج مانگدا ئه‌ونده له لای شاه عبدالله خۆشه‌ویست ده‌بێ كه كه‌س به پایه‌ی ئه‌و ناگا. دوای سه‌ركه‌وتن له پله و پایه‌كانی ته‌ریقه‌ت، حه‌زره‌تی شا عبدالله ئیجازه‌ی ئیرشادی له هه‌ر پێنج ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی، قادری،سوهره‌وه‌ردی، كوبره‌وی و چه‌شتی‌دا پێ ده‌دا و دوای ساڵێك به فه‌رمانی شاعبدالله ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كوردستان. له سالی 1226 دا ده‌گاته‌وه سوله‌یمانی و زانایان و پیاو ماقووڵانی شار به‌ره‌و پیری دێن، پاش ماوه‌یه‌ك حه‌سانه‌وه دچێ بۆ به‌غدا و پێنج مانگ له باره‌گای غه‌وسی گه‌یلانی‌دا ده‌مێنێته‌وه و دیسان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سوله‌یمانی، ئه‌مجار ده‌س ده‌كا به ئیرشادی موسوڵمانان بۆ ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی. هاوینان چووه بو هه‌ورامان و هه‌ر له‌و سه‌فه‌رانه‌دا شێخ عوسمان سیراجه‌ددین كه ئه‌و كاته به فه‌قێ عوسمان مه‌شهوور بووه به خزمه‌تێ گه‌ییوه و خه‌ریكی سولوكی ته‌ریقه‌ت بووه.
مه‌ولانا له سالی 1228ی كۆچی‌دا بۆ جاری دووهه‌م چووته به‌غدا و دوای چه‌ند ساڵ گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ سوله‌یمانی و ماوه‌ی شه‌ش ساڵ له‌وێ ماوه‌ته‌وه. له ئاخردا ده‌بینێ كه وه‌زعی سوله‌یمانی به هۆی كێشه و ناكوكی له ناو بابانه‌كاندا ناخۆش بووه، ئیدی به جارێك دڵی له‌و شاره هه‌لده‌قه‌ندرێ و له سالی 1236دا بۆ جاری سێهه‌م ده‌چێ بۆ به‌غدا، دوای دوو ساڵ مانه‌وه، به‌ره‌و شام وه‌ڕێ ده‌كه‌وێ و له ساڵی 1238ی كۆچی‌دا ده‌گاته ئه‌وێ.
دوای حه‌سانه‌وه له شام، به مه‌به‌ستی زیاره‌ت، سه‌فه‌ریكی قودس ده‌كا. له‌وێش زۆر له زانایان و پیاو ماقووڵان و خه‌ڵكی دی ده‌بن به موریدی. كه له قودسه‌وه بۆ شام ده‌گه‌ڕێته‌وه تا ساڵی 1241 خه‌ریكی ئاموژگاری كردنی موسوڵمانان و ده‌رس گوتنه‌وه به فه‌قێ‌یان و ئیرشادی موریدان ده‌بێ. له‌و ساڵه‌دا دیسان سه‌فه‌ری مه‌ككه و مه‌دینه ده‌كا، له مه‌دینه كومه‌ڵێكی زۆر له موسوڵمانان به تایبه‌تی زانایان و پیاو ماقووڵان، كه هاتبوون بۆ حه‌ج، به خزمه‌تی ده‌گه‌ن و ته‌ریقه‌تی لێ وه‌رده‌گرن. هه‌ڵبه‌ت پێش ئه‌م سه‌فه‌ره له مه‌ككه خه‌لیفه‌ی هه‌بووه.
ساڵێك دوای گه‌ڕانه‌وه بۆ شام، واتا له سالی 1242ی كۆچی‌دا، شه‌وی چوارشه‌ممه 11ی مانگی ذی‌القعده تووشی نه‌خۆشی تاعوون ده‌بێ و له شه‌وی جومعه سێزده‌ی هه‌مان مانگدا له نێوان نویژی شێوان و خه‌و‌تناندا كۆچی دوایی ده‌كا - خودای لێ ڕازی بێ. (1)
حه‌زره‌تی مه‌ولانا، كتێبی زۆری نووسیون و هه‌روه‌ها به كوردی و فارسی و عاره‌بی شیعری گوتوه كه زۆربه‌ی شیعره‌كانی پاڕانه‌وه له خوا و پێغه‌مبه‌ر(د.خ) و مه‌دحی پیاوچاكانن.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
1. ئه‌م ژین‌نامه‌یه له كتێبی یادی مه‌ردان(به‌رگی یه‌كه‌م) نووسراوی مامۆستای به‌ناوبانگ مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس گوڵبژێر كراوه.
سه‌رچاوه: سیلسیله‌ی نه‌خشبه‌ندی؛ نووسراوی ره‌حمان میسباح قازی؛ چاپی یه‌كه‌م، ناوه‌ندی بڵاوكردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی كوردی(ئینتشاراتی سه‌لاحه‌دینی ئه‌ییوبی)، ورمێ: 1369 ی هه‌تاوی، لل. 8 ـ 6 .